
ئینستیتیوتی زه‌ینه‌ب خان- كچه كورد
دامەزراوەیەکی کولتووری و مەدەنی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری، ئەدەبی، مێژوویی و کولتووری
پێناسەی ئینستیتیوت
ئینستیتیوتی "زه‌ینه‌ب خان- كچه كورد" دامەزراوەیەکی کولتووری و مەدەنییە کە گرینگی بە لێکۆڵینەوەی هزری، ئەدەبی ، مێژوویی، کولتووری، زمان‌ناسی و کوردناسی دەدات.
ئەم ئینستیتیوتە بەشێوەیەکی تایبەتمەند لە بواری هۆشیاریی کولتووری ، ڕیشەناسیی شیعر، زمان، ئه‌ده‌بیات و کولتووری كوردیدا كار ده‌كات و هەروەها پرۆژە و کاری وه‌رگێڕان له بواره فكری و ئه‌ده‌بی و کولتوورییەکاندا لە چوارچێوەی کارە دڵخواز و سەرەکییەکانیدایە.
پاشخانی بنەماڵەیی و ماڵباتی "زه‌ینه‌ب خان"
"زه‌ینه‌ب خان - 1900-1963 " كچی مەلا ره‌ئووف ئەفەندی كوڕی مه‌لا مه‌حموود كوڕی عه‌للامه مه‌لا سه‌عد خادم سه‌جاده‌یه و له گه‌ڕه‌كی"به‌فری قه‌ندی" شاری كۆیه له دایك بووه و ناوبراو خوشكی گه‌وره‌ی دڵداری شاعیر دانەری سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب"ە هەروەها "زه‌هوه" خانی دایكی زه‌ینه‌ب خان كچی خورشیده فه‌ندی ئامۆزای شاعیری بە ناوبانگ و ڕەچەشکێنی هزری نیشتماندۆستیی واتە حاجی قادری كۆییه.
ئامانجەکانی ئینستیتیوت
ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" وەک دامەزراوەیەکی کولتووری ڕوانگەیەکی گشتگیری بۆ کارکردن لە بیاڤی گەشەپێدانی هزری و کولتووری و فەرهەنگی هەیە هەڵبەت دەتوانین بوارەکانی کارکردن و ئامانجە سەرەکییەکانی بەم شێوەیە پۆلێن بکەین:
- پەرەپێدانی هۆشیاری، توانایی و بەهرەی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان و لاوان.
- پاڵپشتی و گرینگی‌دان بە بواری توێژینەوەی فکری، ئەدەبی، مێژووی و کولتووری.
- کو‌لتوور لە زماندا دەژی و زمانیش لە کو‌لتووردا زیندووە هەربۆیە توێژینەوەی بواری زمان‌ناسی کوردیی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمەیە.
- توێژینەوەی پەیوەندیدار بە پرسە ڕۆژەڤی، هەنووکەیی و چارەنووسسازەکان جێگەی سەرنج و گرینگیی ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" دەبێت.
بۆچی ناوی "زەینەب خان"مان هەڵبژارد؟
ئه‌م ئینستیتیوتە به‌ناوی "زه‌ینه‌ب خان – كچە كورد" ناودێرکراوە بۆ ڕێزگرتن و پاراستنی کولتووری هزریی "زه‌ینه‌ب خان" کە ناوبراو یەکێک لە خانمە ئەدەبی و ناودارەکانی شاری کۆیە و کوردستانە.
هەڵبەت "زه‌ینه‌ب خان – كچە كورد" شاعیرێکی ناوازە، دانسقە و ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کوردییە هاوکات هەڵگری چەندین تایبەتمەندییە کە لە هەڵبژاردنی ناوەکەیدا کاریگەربوون:
- زەینەب خان یه‌كێك بووە له شاعیره ڕەچه‌شكێنه‌كانی سەردەمی خۆی.
- یه‌كه‌مین كچی كورده له ساڵی 1906 چووبێته قوتابخانه، لە قوتابخانەی روشدییە، لە شاری بەغدا.
- كاری لە بواری فۆلكلۆر و كۆكردنەوەی ئەدەبی زارەكی كردووە.
- یەكێکە لە پێشەنگە هەرە سەرەكییەكانی بواری چالاكیی سیاسی و نەتەوەیی كورد.
- ئەندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی رێكخراوە سیاسی و نوێخوازەكانی وەكو حیزبی ( هیوا) و (داركه‌ر) و (كۆمه‌ڵه‌ی خۆییبوون) بووە.
- لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوی خوازراوی "كچه كورد" چیرۆكی ( دوو مەل لە گوڵزارێکدا)ی بڵاوكردۆتەوە و جگە لە چەند دەستنووسێك ،خاوەنی دیوانێكی شیعری و بەرهەمێكی گرنگی ئەدەبییە بە ناونیشانی "كۆمه‌ڵێك هۆنراوه‌ی فۆلكلۆریی كوردی، ده‌شتی هه‌ولێر و وراتی كۆیه".
لەگەڵ ئەوەی زەینەب خان وەك كەسایەتییەكی ڕۆشنبیر، خاوەنی پێگە و كەسایەتییەكی بەهێز و دیاری سەردەمی خۆی بووە، بەڵام مێژوو وەك خۆی گرنگی پێنەداوە و پەردەپۆش كراوە، ئەم ئینستیتیوتە هەوڵ دەدات و دەخوازێ لە رێگەی كارەكانییەوە هه‌قێك كه زه‌ینه‌ب خان به زیاده‌وه شایسته‌یه‌تی بۆی بگه‌ڕێندرێته‌وه.