2025/06/13 | هەواڵ

وتاری سەرۆکی ئینستیتیوتی زەینەب خان لە ڕۆژی کردنەوەی ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" لە شاری کۆیە

وتاری سەرۆکی ئینستیتیوتی زەینەب خان لە ڕۆژی کردنەوەی ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" لە شاری کۆیە
Attachment
Attachment
ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" لە مەڕاسیمێکی بەشکۆدا و بە ئامادەبوونی کەسایەتییە نێوخۆیی و بیناییەکان، ڕۆشنبیران و ئاکادیمیسیەن و چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان لە ساری کۆیە بەشێوەیەکی فەرمیی کرایەوە. سەرۆکی ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" د. مەهاباد ئازاد لەمیانەی ئەم مەڕاسیمەدا وتارێکی پێشکەش کرد و دەقی وتارەکەی ناوبراو بەم شێوەیە بوو: رۆژتان باش ! میوانە بەڕێزەکان، هاوڕێ و هاوكارە خۆشەویستەکان، ئامادەبووانی ئازیز! بە ناوی خۆم و دەستەی دامەزرێنەری ئینستیتیوتی زەینەب خان ، هەروەها بە ناوی یەكەی كارگێری و بەرێز قایمقامیی شاری كۆیە، بەخێرهاتنی گەرمی سەرجەم میوانە بەڕێزەكان و ئامادەبووانی خۆشەویست دەكەین. لەم بۆنە گرینگدا، بە شانازی و سوپاسەوە، بە خێرهاتنی گەرمی بەڕێز- مستەر ڕادوو Radu) (butum نوێنەری گشتیی یەكێتی ئەورووپا و خانمی شاعیر و نووسەر، مامۆستای زانكۆ لە پاریس، دكتۆر نەزەند بەگیخانی و ئەو ڕێكخراو و دامەزراوانە دەكەین كە ئیمرۆ لێرە ئامادەن و تەشریفییان هێناوە، هەموو لایەكتان بەخێر بێن – بۆ کردنەوەی فەرمیی ئینستیتیوتی زەینەب خان . ئینستیتیوتی "زەینەب خان - کچە کورد" بە ئامانجێکی ڕوون دامەزراوە: دەبێتە ناوەندێک بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری و تواناکانی ژنان و گەنجان، لە ڕێگەی توێژینەوەی فکری، ئەدەبی، مێژوویی، کولتووری و زمانناسیی و وەرگیڕان و پرۆژە كلتوورییەكانییەوە، پەرە بە توانا هزریی و مرۆیی و تەكنیكییەكان دەدات. جێگای شانازیی و خۆشحاڵییە، کە ئەم ئینستیتیوتە لە دڵی شارێکی وەک کۆیە دەکەینەوە. ئەم شارە مێژووییە، تەنها شارێکی ئاسایی ژیانكردن نییە، بەڵکوو لانکەی کولتوور و ڕۆشنبیرییە، دایکی پێشکەوتن و نوێگەرییە و نموونەی هەرە باڵای پێکەوەژیانە. لە مێژوودا، کۆیە هەمیشە لە پێشەنگی کاروانی ڕۆشنبیری و فکری کوردیدا بووە. لێرەوە رۆشنبیران و شاعیران و دەیان ڕووناکبیری گەورە و و ژنانی رۆشنگەر و بوێر و بە توانای وەكوو زەینەب خان و نەجیبە خان و سورەییا خانم و خوشكە فریشتە و ئایشەگوڵ، لەم شارەدا سەرییان هەڵداوە، کە کاریگەریی تەواوییان، لەسەر بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەبی و كۆمەڵایەتیی کوردستان و ناوچەكە، هەبووە. شارە بچووك و دێرینەكانی كوردستان، وەک كۆیەی مێژوویی، لە ئێستادا كانگای نەناسراوی بەهرە و داهێنانن. لەو شوێنانەی كە چاوەكان كەمتر تێیان دەڕوانن، گەنجینەیەكی دەوڵەمەند لە توانا و هزری داهێنەرانە چاوەڕێی دەرفەتی دەركەوتنە. لە دەرەوەی پایتەخت و شارە گەورەكاندا، لەو شوێنانەی كە ڕووناكی میدیا و سەرنجی حكوومەت كەمتر دەیانگاتێ، سەدان بەهرەی گەش هەن، كە بێپشتیوان و بێپاڵپشت ماونەتەوە، وەك گوڵی بیابان كە تینووی دڵۆپێك بارانە، ئەوان پێویستییان بە دەستگرتن و هاوكارییە، بۆ ئەوەی بتوانن بەتەواوی گەشە بكەن. كۆیە، ئەو شارە دێرینەی كە لەسەر لاپەڕەكانی مێژوو جێپەنجەی دیارە، ئەمڕۆ لە مەترسی ژێر پێكەوتنی شەپۆڵی بەرژەوەندیی بازرگانی و سیستەمی شارنشینی نوێدایە. ئەم شارە كۆنەی كە رۆژگارێك كانگای رۆشنبیری و هزر بووە، ئێستا دەنگی هاواری نابیسترێت لە ناو هەراوهۆریای شارە گەورەكاندا. راستییەكەی ئەوەیە كە شارە بچووک و دوورەدەستەكان زۆر زیاتر پێویستیان بە پرۆژەی رۆشنبیری، هونەری و بنكەكانی گەشەپێدانە. هەر بنكەیەكی گەشەپێدان وەك سەرچاوەیەكی ئاو وایە، لە زەوییەكی تینوودا. ئینستیتیوتی زەینەب خان لە شاری كۆیە نموونەیەكی گرینگە لەم جۆرە هەوڵانە، كە دەیەوێت شكۆ و ڕۆڵی مێژوویی ئەم شارە بەرز ڕابگرێت و رێگر بێت لە نوقمبوونی لە ناو هەژموونی سیستەمی بەرژەوەندگەرای بازرگانیدا. پێویستە وەك بەشێك لە ڕۆشنبیریی نیشتمانی، سەرنج و پشتگیریی زیاتر بۆ ئەو توانا و داهێنانانە دابین بكرێت، كە لە دەرەوەی ناوەندەكانی دەسەڵاتی ساسیی و رۆشنبیریدا ، چاوەڕێیی دەستی هاوكاری ئێمەن. ئەمڕۆ بە کردنەوەی ئینستیتیوتی زەینەب خان لەم شارە بێنازەدا ، پەیوەندییەکی مێژوویی، نوێ دەکەینەوە، ئەڵقەیەکی نوێ بە زنجیرەی کولتوورییمان زیاد دەکەین. شانازییەکی گەورەیە کە ناوی زەینەب خان - ئەم ژنە پێشەنگە - لە شارێکدا زیندوو دەکەینەوە، کە نموونەی پێشکەوتنخوازی و کرانەوەیە. کردنەوەی ئەم دامەزراوەیە لە كۆیە، دووبارەکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ڕەسەنایەتی، دووبارەبەستنەوەی ڕابردوو و ئێستامانە. ئەم شارە، بە مێژووی دەوڵەمەند و کەشە کولتوورییەکەی، باشترین شوێنە بۆ ئەوەی ببێتە خانەخوێی خەونێک کە ئەمڕۆ هاتۆتە دی. ئەمڕۆ تەنها کردنەوەی دەرگای دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو دەستپێكی تەواوكردنی گەشتێکە، دەستپێکی گەشتێکی پڕ لە هیوا و داهێنانە، کە تەرخان کراوە بۆ گەشەكردنی هزریی و ڕۆشنبیری. وەك چرایەكە ڕێگا بۆ گەنجەكانمان ڕووناک دەكاتەوە – چرایەك، كە ڕەگەكانی خۆیان و ناسنامەی نەتەوەییان پێببینن. كاتێك گەنجەكانمان بە قووڵی لە كولتوور و مێژووی نەتەوەكەیان تێدەگەن، هەست بە بەهای خاک و مێژووی خۆیان دەكەن و پەیوەندییەكی بەهێز دروست دەبێت، ئەمەش وایان لێ دەكات تۆوی خەونەكانییان لەناو نیشتمانی خۆیاندا بچێنن و بەروبوومەكەی بۆ گەشەپێدانی كۆمەڵگاكەیان بەكاربهێنن. تراژیدیای گەورە ئەوەیە، گەنجێك هیوای بە ژیان لەسەر خاكی باوباپیرانی نەمێنێت و خۆی و خەونەكانی لە دەریاكاندا بخنكێت، بەڵام گەشەكردنی هۆشیاری و فكر، گەنجەكان بەهێز دەكات بۆ ئەوەی ببنە بنیاتنەری داهاتووی خۆیان و نیشتمانەكەیان، نەك قوربانی ڕێگاكانی كۆچكردن. ئەرکی ئێمە كێڵانی خاكی دەوڵەمەندی هزر و كولتووری كوردییە. لە ئەمڕۆوە "ئینستیتیوتی زەینەب خان"، باوەشێکی دایكانەی گەرمە بۆ هەموو هزرێکی نوێ، ئامێزێكی كراوەیە بۆ ئەو خوێندكارانەی ساڵانێكە لە ناو سەختییەكانی ژیاندا هەڵدەلەرزن. ئەو گەنجانەی جگە لە ماڵەكەی خۆم، ئەوان شوێنێكی دیكەیان نەبووە، كە تێیدا گفتوگۆی قووڵی مرۆڤانە بكەین - گفتوگۆی مردن و ژیان و هەڵسانەوە، گفتوگۆی هەرەس و هیوا..، ئەم ئینستیتیوتە دەبێتە پەناگەیەك كە تێیدا بێدەنگی دەبێتە هاوار، بێهیوایی دەبێتە پلانی كار، چرپەی شەرمنانەی گەنجێكی لاوازی كەنارخراو، دەبێتە دەنگی بەهێزی داهاتوو. میوانە بەڕێزەکانمان، لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست ، نوێنەری گشتیی یەکێتی ئەورووپا، ئامادەبوونی ئێوە لەم بۆنە مێژووییەدا، نیشانەی ڕێز و بایەخدانتانە بە میراتی کولتووری ئێمە و ئەو هەوڵانەی کە بۆ پێشخستنی ڕۆشنبیری و پاراستنی مێژووی زیندوومان دەیدەن.سوپاستان دەکەین کە ئەمڕۆ لێرەن، بەشداری ئێوە ماناداری زیاتر بە بۆنەکەمان دەبەخشێت. وەك دەزانن لە دنیای ئەمڕۆدا، پاراستن و زیندووکردنەوەی میراتی کولتووریی، تەنها ئەرکی نەتەوەیەک نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی مرۆڤایەتییە. کولتووری کوردی، بە مێژووە دەوڵەمەندەکەی و دەنگە جیاوازەکانییەوە، بەشێکی گرینگە لەم میراتە جیهانییە. بە دڵێکی کراوەوە، لە رێگەی پرۆژەی هاوبەشەوە ،چاوەرێی پشتگیریی ئێوەین، بۆ ڕۆشنگەری و گەشەپێدانی کولتووری نەتەوەکەمان. بەیەکەوە، دەتوانین ئەم پڕۆژە کلتوورییە، سەرکەوتوو بکەین. داواكردنی هاوكاری و پشتگیریی لە هەر لایەك لەبەر ئەوە نییە، ئێمە لاوازین، لە بەرئەوەیە خەونەكانمان گەورەن. ئینستیتیوتی زەینەب خان، دەتوانێت پردێکی پتەو بێت بۆ دیالۆگی کولتووریی، پلاتفۆرمێکی زیندوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون و داهێنان، دەرگایەکی كراوە بێت بۆ ناساندنی دەوڵەمەندیی کولتووری کوردی بە جیهان.كەواتە ئەم ئینستییتوتە بە تەنیا خزمەت بە کۆمەڵگای کوردی ناكات، بەڵکوو خزمەت بە دیالۆگی ئاشتەوایی و قبووڵكردنی جیاوازیی و تێگەیشتنی قووڵتر دەكات لە نێوان گەلاندا. ئەمڕۆ لە مەراسیمی کردنەوەی ئینستیتیوتی زەینەب خاندا، بە خۆشحاڵییەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم ، جگە لە ئامادەكردنی چەند كتێبێكی تر ، ڕێککەوتننامەی چاپکردنی یەكەم كتێبی ئینستیتیوتی زەینەب خان، لەگەڵ توێژەری وردبین و بەتوانا، کاک حاکم پێشڕەو سەید برایم، واژۆ دەکەین. كە لە سەر شیعرەكانی زەینەب خان نووسیویەتی. لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕەشنووسی پرۆپۆزەلی پڕۆژەی "خوێندنەوەی کتێبی چیرۆك، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی سنووری کۆیە" ئامادەی جێبەجێکردنە. ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە چاندنی تۆوی خۆشەویستی خوێندنەوەیە لە دڵی منداڵانی قۆناغی سەرەتایيدا. لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە، هەوڵ دەدەین خوێندنەوە نەک تەنها وەک ئەرکێکی قوتابخانە، بەڵکوو وەک چالاکییەکی چێژبەخش و ڕۆشنبیری پێشکەش بە منداڵان بکەین. بەم شێوەیە، پێمان وایە پەرەپێدانی توانای خەیاڵکردن، داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە تەمەنێکی بچووکەوە، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پەروەردەی نەوەیەکی خوێنەر و ڕۆشنبیر دەبێت، خوێندنەوە دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵانمان. ئازیزان، ڵێرەوە دەمەوێت سوپاسی بێپایانی هەموو ئەوانە بكەم پشتگیریی ئەم دیدگایەیان کرد - لە داڕشتنەوە تا جێبەجێکردن. سوپاسی قایمقامییەتی كۆیە و بەرێوەبەری گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری كۆیە دەكەین، كە داواكەیان رەت نەكردینەوە لە پێدانی خانووی كەلەپووری حاجی مەجید . سوپاس هاوڕێی ئازیز ( شاعیر و نووسەر، خاتوو دكتۆر نەزەند بە گیخانی) دەكەین، سوپاس بۆ ئەو پردانەی كە بە وشەكانی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانمان بونیادی نا. زۆر سوپاسی پشتیوانییەكانی برای ئازیزم كاك ( گۆران ئازاد ) دەكەین كە بەردەوام وەك پاڵپشتێكی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە و وزەبەخشێكی بێوچان لەگەڵماندا بووە. هەروەها دەستخۆشی و سوپاسێكی تایبەت پێشكەش بە كاك ئاسۆ مامزادە دەكەین، كە بە هونەر و داهێنانی خۆی، لۆگۆیەكی سەردەمی و جوانی بۆ ئینستیتیوتەكەمان دیزاین كرد. سوپاس بۆ هونەرمەندان ( مامۆستا رۆستەم ئاغالە و خاتوو ناز) كە بە تابلۆ ناوازەكانییان ماڵەكەیان ڕازاندینەوە، سوپاس بۆ هیوا فاوەندەیشن، خاتوو بیزا برزوو، كاك پشتیوان و مامۆستا خەبات، كە هەر یەكەیان بە شێوازی خۆیان دڵسۆزانە هاوكارمان بوون. سوپاسی بێپایانم، بۆ هاوكارانم لە دەستەی كارگێڕیی ئینستیتیوت و هەموو ئەو هاورێیانەی ، ئەمڕۆ دەتوانن شانازی بە كردنەوەی ئینستیتیوتی زەینەب خانەوە بكەن. لە کۆتاییدا، بەناوی ئەو هێزە مەزنەی کە سەرچاوەی هەموو ڕووناكییەكە ، بەناوی هەموو ئەوانەی پێش ئێمە ڕێگایان ڕووناک کردەوە، بەناوی زەینەب خان و هەموو ژنە پێشەنگەکانی کورد، بەناوی داهاتووی نەوەی ئێستا و دوارۆژەوە، بەناوی کولتوورێک کە هەزاران ساڵە بەردەوامە، ئەم دەرگایە دەکەینەوە. بەڵێن دەدەین، ئەم چرایە هەرگیز نەکوژێتەوە. سوپاستان دەکەم و بەخێربێن بۆ ماڵی خۆتان، بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان! د. مهاباد ئازاد محمد سەرۆكی ئینستیتیوتی زەینەب خان – كچە كورد
داگرتنی PDF
هاوبەش بکە:

چالاکییە هاوشێوەکان

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
زیاتر بخوێنەوە
سەردانیكردنی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و دەزگای جەمال عیرفان
سەردانیكردنی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و دەزگای جەمال عیرفان
زیاتر بخوێنەوە
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
زیاتر بخوێنەوە