2025/06/22 | هەواڵ

"وتاری خاتوو د. نەزەند بەگیخانی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی "ئینیستیتووتی زەینەب خان

"وتاری خاتوو د. نەزەند بەگیخانی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی "ئینیستیتووتی زەینەب خان
Attachment
دەقی وتاری خاتوو د. نەزەند بەگیخانی لە ڕێوڕەسمی فەرمیی کردنەوەی "ئینیستیتووتی زەینەب خان" ماڵێک بۆ خود: زەینەب خان و مێژووی نەناسراوی ژن بەخێربێن بۆ ئەو ماڵە جوانە کە بە دەستپێشخەریی هاوڕێم مەهاباد ئازاد بنیاتنراوە بۆ ستایش و زیندووڕاگرتنی یادەوەریی زەینەب خان و هەموو ئەو ژن و پیاوە داهێنەرانەی کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ناویان لە مێژوودا ونە و وەک پێویست یاد و بەسەر ناکرێنەوە. لە پەراوێزی گوتارێکی نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی ڤیرجینیا وۆلف بەناوی ژوورێک بۆ خود، من ئەم کورتە وتارەی ئەمڕۆم ناو ناوە ماڵێک بۆ خود: زەینەب خان و مێژووی نەناسراوی ژن. لەوانەیە بپرسین بۆ ڤیرجینیا وۆلف ئەمڕۆ لێرە باس بکرێ؟ زەینەب خان (١٩٠٠-١٩٦٣) ژنە شاعیر و نووسەر و چالاکوان و خوشکە گەورەی دڵدار-ی شاعیر، لە هەمان سەردەمی ڤیرجینیا وۆلف (١٨٨٢-١٩٤١) ژیاوە. وۆلف لە لەندەن و لە ناوچەیەکی زەنگینی ئەو دەڤەرە دەستی بە نووسین کرد، تێکەڵی نوخبەی ڕۆشنبیریی ئەوکاتی بەریتانی بوو، بەرهەمەکانی بڵاوبوونەوە و هەر زوو دەنگی ئەو بیسرا و ناو و ناوبانگی لە هەموو ئەوروپا دەرکرد. زەینەب خانی ئێمە هیچی لە ڤیرجینیا وۆلف کەمتر نەبوو، بەڵام ژینگە و جوگرافیا و هەلومەرجی گونجاوی نەبوو تا وەک وۆلف بەرهەمەکانی بڵاوبنەوە و ببێتە نووسەرێکی ناودار. سەرەڕای ئەمە، ڤیرجینیا وۆلف رەخنە لە کۆمەڵگەی خۆی دەگرێت، رەخنە لە پیاوسالاریی بەریتانیا دەگرێت و بە رەخنەکانیشی زیاتر بەناوبانگ دەبێ. لە گوتارە هەر بەناوبانگەکەیدا لە ژێر ناونیشانی ژوورێک بۆ خود، لێژدەبێتەوە سەدەکانی رابردووی بەریتانیا و باسی پیاوزاڵی و سیستەمی پیاوسالاری و کارەساتی ژنبوون لە مێژوودا دەکات. دەپرسێ بۆ لە سەدەی پانزە و شانزە جگە لە شازادە ئێلیزابێت کە بە میرات گەیشتبووە دەسەڵات، لە وڵاتەکەی ئەو هیچ ژنێک لە مێژووی داهێنان و نووسین و هونەردا دەرنەکەوتوون؟ ئەو نیگەرانیی خۆی دەربارەی رێگری لەناردنی کچان بۆ مەکتەب و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و نەبوونی ئازادیی رادەربڕین و مافی کەرامەت و یەکسانی دەکات. ئایا ژنان بەشێوەیەکی جەوهەری لە پیاو کەمترن، هەروەک کۆمەڵگە وێنایان دەکات؟ یان هۆکاری واقیعی و ماتێریالی هەیە کە وایان کردووە ژن گەشە نەکات و نەگاتە کایەکانی پەروەردە و کولتور و داهێنان؟ وۆلف باسی شەکسپیر دەکات کە لە ژیانیدا لە سەدەی شانزە زۆر ناسراو بووە، دەپرسێ ئەگەر خوشکێکی شەکسپیر هەمان بەهرە و لێهاتوویی و شارەزایی براکەی هەبا، ئایا دەیتوانی وەک شەکسپیری لێ بێت؟ نەخێر. چونکە ئەو خوشکە دەبوایە زوو بە شوو بدرێت، ئەگەر شوو نەکات ئەوە لە لایەن باوکەوە تێیهەڵدەدرا. بۆیە خوشکە خەیاڵییەکەی شەکسپیر لەماڵ هەڵدێ و دەچێتە لەندەن، دەیەوێ لە کایەی کولتور و میوزیک و شانۆ کە لەهەمووان شارەزایە خۆی بناسێنێ و کار بکات و وەک براکەی دەرکەوێ، بەڵام هەمووان گاڵتەی پێدەکەن وا دەزانن شێت بووە. پیاوێک بەناوی هاوڕێیەتی لێی نزیک دەبێتەوە و کچەش متمانەی پێ دەکات، بەڵام دواتر سکی پڕدەبێ، لە کۆتاییدا خوشکە خەیاڵییەکەی شەکسپیر خۆی دەکوژێ. ئەو کوشتنە لەوانەیە سیمبۆلی بێ، لەوانەشە کوشتن یا خۆکوشتنی حەقیقی بێ لە کوردستان بەردەوام روودەدات. من ئەمانە باس دەکەم و دەگەڕێمەوە کۆیەی سەرەتای سەدەی بیستەم. زەینەب خان خوشکی خەیاڵی دڵدار نەبوو، حەقیقی بوو، ژنێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو و داهێنەر بوو. بەڵام بۆ وەک دڵداری برای دەرنەکەوت و ناووناوبانگی پەیدا نەکرد؟ بۆ دوای سەدەیەک ئینجا بەسەرکرایەوە؟ هاوتا لەگەڵ زەینەب خان، نەنکەکانمان و لەوانەیە دایکەکانیشمان لەو سەردەمەدا ژیا بن. دایکی من لە ١٩٣٠ لە دایک بووە: نە ژینگە و نە جوگرافیا و نە هۆشیاریی گونجاو نەبوو کە ئەو گەشە بکات: لە خوێندن بێبەری کراوە، باوکی لە ١٢ ساڵی وەک دیاری دەیدات بە برادەرێکی خۆی و ئیتر چارەڕەشی دایکم لەوکاتەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتایی ژیانی بەردەوام دەبێت. لەو سەردەمەدا ژنانی شارەکەم کۆیە زۆر بە دەگمەن دەستیان بە خوێندن و پەروەردە راگەیشتووە. کۆمەڵگەی کۆیەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، راستە کۆمەڵگەیەکی فرە ئایینی و کراوە بووە و کاروانسەرای لێ بووە کە خاڵی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی فیکر و گفتوگۆ بووە. مەلای گەورەی کۆیە (١٨٧٦-١٩٤٣) لەو کاتەدا یەکەم مەکتەب بە ناوی روشدیە دەکاتەوە، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەرجەستەی نەریت و خووڕەوشتی باوی کردووە. ئەو نەریتانە رەگیان لەناو جیاکاری و ستەمکاری بەرامبەر بە ژن داکوتیوە. کچان بۆیان نەبووە بچنە مەکتەب، لە منداڵییەوە کابانی و خزمەتی ناوماڵیان کردووە و لە تەمەنێکی بچووکدا بەشوودراون، بۆ نەوە نانەوە، وەک رەحمی نەتەوە لە خەیاڵدانی کۆمەڵگە وێناکراون. ئەگەر بەرهەڵستیان کردبێ، لێیان دراوە. ژنان لەو سەردەمدا هەرچەندە لە خەیاڵی پیاو گەورە کراوە و بەلەش و لار و رۆلی سیاسیدا هەڵوتراوە، بەڵام لە واقیعدا دابڕاون لە کایە و فەزای گشتی و لەچوارچێوەی ناوماڵ و خێزان بچووککراونەتەوە. بواری تێکەڵبوون بە فەزای گشتیی کولتوری و سیاسی و ئابوورییان پێنەدراوە. واتە نەیانتوانیوە تێکەڵ بە جیهانی دەرەوە بن و گەشە بکەن و ئاڵوگۆڕی فیکر و ئایدیا و زانین بکەن و ئازاد بن لە هەڵبژاردنی هاوژین و ژیانی خۆیان، ئازاد بن لە کارکردن و سەربەخۆیی ئابووری. بەرهەمی چاوەڕوانکراوی ژن لە لایەن کۆمەڵگەوە منداڵ بووە نەک کتێب و نووسین و دیوان. بۆیە بەرهەمەکانی زەینەب خان زیندەبەچاڵ کراون. ئەمانە هەمووی وایان کردووە، ژنان شاراوە و نادیار بن، فەرامۆش بکرێن، لە مێژوودا ناوی ژنانی ناودار و سەر بە کایەی کولتوری و ئەدەبی زۆر دەگمەنە. هەروەها مێژوونووسان کە پیاوبوون ژنیان بە بوونەوەری نزم و پلە دوو و زەعیفە بینیوە، لەو باوەڕەدا نەبوون کە ژن بتوانێ فیکر و زانین بەرهەم بهێنێ، ئەزموونی خۆی وەک ژن بنووسێتەوە و باس لە تایبەتمەندییەکانی ژنبوون بکات لە کۆمەڵگەی کوردەواری. ژنانی نووسەریش کە توانیبێتیان سەرگوزەشتەی خۆیان بنووسنەوە، زۆر کەم بوون. مەستورەی کوردستانی و زەینەب خانی کۆیە دوو نموونەی دیارن. پیاو چەقی بوون و گەردوون بووە، هەروەک ئێستاش چەقی بوون و گەردوونە. ژن بێ شوێن و بێ شوناس و بێ نیشتمانە. ئەو نیشتمانەی کە پیاو خەباتی بۆ دەکات ژنیش بەشدارە لەو خەباتە، لە واقیعدا ژن وەدەر دەنێت. ژن بوونەوەری و بێ ناسنامەیە و خراوەتە دەرەوەی مێژوو. بۆ هەتاهەتایە خراوەتە دەرەوەی کات و شوێن. لە دوای دابەشبوونی کوردستان، ژنان و پیاوانی کورد بەگشتی بەرەوڕووی چەوسانەوەی سیاسیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بوونەتەوە. زەینەب خان لەم رووەوە چالاکوان بووە، هەرچەندە ژنان رێکخستووە و چالاک بوون، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئازادبوونی ئافرەت لە کۆد و نەریتی باو. ژنان لەناو خێزان و ماڵ و کۆمەڵگەشدا بەرەوڕووی چەوسانەوە بوونەتەوە. واتە چەوسانەوە و جیاکاری بەرامبەر بە ژن تەنیا سیاسی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی و کۆمەڵگەیی و خانەوادەیش بووە. سەرەڕای ئەوەی لە خەباتی سیاسی چالاک بووە، بەڵام لە کایەی بڕیار و دەسەڵات کوا پایەی ژن؟ ئەگەر سنوری نەریت و رێساکانی تێپەڕاندبێ، ئەوە ناوبەد کراوە، بە بیانووی شەرەف تێهەڵدراوە و کوژراوە. ئەمانە ئەو هۆکارانەن کاتێ ژنێک هەڵدەکەوێ و ژینگەی دەگۆڕێ و دەچێتە بەغدا بۆ خوێندن و زمانەکانی فارسی و عەرەبی و عیبری و تورکیش دەزانێ، ئەوە وەک ناوازە و دەگمەن سەیر دەکرێ و ئەو سەنگ و گرنگییەی پێ نادرێ کە بە پیاوێک دەدرێ. لەوانەیە وەک حالەتێکی سەیر و نەشیاو مامەڵەی لەگەڵ کرابێ، نەک وەک خاوەن مەعریفە و کەسایەتییەکی فەرهەنگیی مەعڕیفی و بەرهەمهێنەری زانین. بۆیە دوای سەدەیەک زەینەب خان دێتەوە لامان و یژدانمان دەوروژێنێ. خۆشحاڵانە ئاستی هۆشیاری هەندێک لەو ژن و پیاوانە ئەمڕۆ بەجۆرێکە کە ئێمەی لێرە کۆکردۆتەوە بۆ کردنەوەی ئەنستیوتی زەینەب خان لە کۆیە. کە نەک هەر ناوی ئەو ژنە پایەدارەی بواری ئەدەب و زانین بەرز رادەگرێ، بەڵکو دەبێتە سەکۆیەک بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتووش. خۆئازادکردن شتێکە و پراکتیزەکردنی ئەو ئازادییە وەک مافی سەرەکیی تاک شتێکی دیکەیە. هەندێک لە ئێمە لەوانەیە خۆمان ئازاد کردبێ، بەڵام ئایا پراکتیزەی ئەو ئازادییە وەکو پێویست دەکەین؟ ئایا ئەو پیاوانەی گوایە خۆیان لە کۆدی پیاوسالاری رزگار کردووە، تا چەند بە کردەنی یەکسانیخوازن، بوار دەڕەخسێنن بۆ ژنان بێنە پێشەوە؟ تا چەند کۆڕ و سیمینار و سەکۆی زانکۆ و دامەزراوەکانیان دەخەنە خزمەتی ژنان و داوەتیان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوە و ناساناندی بەرهەمەکانیان هەروەک چۆن بۆ پیاو دەیکەین؟ بۆ هەر پیاو بەسەر دەکرێنەوە و لە سەردا یەکی چالاکییەکانی ئەو دامەزراوە و دەزگایانە بۆ ژنان تەرخان ناکرێ؟ کە لێیان دەپرسی، دەڵێن کوا ژنی بەتوانامان هەیە لە ئاستی پیاوەکان؟ ئەمە نوکتەی سەردەمە لە وڵاتەکەی من. ئایا بەڕاستی کورد ژنانی زانا و بەتوانای لە شیعر و نووسین و داهێنان و میوزیک و شانۆ و هتد،دا نییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەوەیە کە مرۆڤ لە کۆمەڵەگەی ئێمەدا مێشکی خەساوە، لە قووڵایی نائاگایی گشتیماندا، ستەمی پیاوسالارییانە و جیاکاری بەرامبەر بە رەگەزی مێ فەرمان دەگێڕن و بەڕێوەمان دەبەن و فەزا و مەیدان و شار و شارۆچکەکانمانیان تەنیوە. کەچی هەر هێشتا پیاوان زویرن و ناڕازین کاتێ ژن باسی مافی ئافرەت و یەکسانی دەکات. هەروەک جۆرج ئۆروێل دەڵێ، تا ئەو حەقیقەتە نکوڵی لێ بکرێ، ئەوەندە زیاتر برەو پەیدا دەکات و ستەم و توندوتیژی دەبنە سەنگی مەحەک و بە ئاسایی دەکرێن. ئێمە ئێستا لەو دۆخەدا دەژین: راستە بە ڕووکەش زۆرشت گۆڕاوە، بەڵام ئەقلیەتی گشتیی کۆمەڵگە زۆرکەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بگرە بەهۆی بیروباوەڕێ رادیکالی و ئیسلامیزمی سیاسی چۆتە دواوەش. هیوادارم ئەو ماڵەی زەینەب خان ژینگەیەک بڕەخسێنێ ئەگەر بچوکیش بێ، تا هۆشیارییەکی جیاواز دروست بکات. چونکە ژینگە و دەوروبەر هۆشیاری و ئاگایی دروست دەکەن، نەک بە پێچەوانەوە. ئەم ماڵە دەتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و هاوکاریی دامەزراوە پیاوسالارییەکانیش بکات تا پێکەوە وەک هاوبەش بە هاوسەنگی و هارمۆنی کار بکەن و ئەو واقیعە ناشیرینە بگۆڕن بۆ واقیعێکی مرۆڤانە و جوان. کە هەرزەکار بووم، مەیلی خوێندنەوە و نووسینم هەبوو و نامۆ بووم. هەستم دەکرد کۆمەڵگە و خێزان لێم تێناگەم و بەوشێوەیەی کە هەم قبوڵم ناکەن. بیرمە هیوایەکم هەبوو، ئەویش ئەوەبوو لە مەیدانی حاجی قادری کۆیی بتوانم بە تەنیا پیاسەیەک بکەم و لەبەردەم پەیکەرەکە بوەستم و وێنەیەک بگرم. بەڵام ئەم هیوایەم نەهاتە دی، چونکە مەیدانی شار هەمیشە بە پیاو تەنرابوو، شوێنی کچێکی هەرزەکار لەوێ نەدەبۆوە، ئەو شوێنە بە واتای وشە شوێنی پیاوان بوو، ئەگەر وەک ئافرەت لەوێ وەستابای، هەزاران چاوت لەسەر دەبوو، بە نیگا سکان و لاقەیان دەکردی، شەرمەندەیان دەکردی، وەک جەستەیەکی سێکوالیزەکراو دەیانبینی، نەک وەک مرۆڤێک کە شەیدای شیعر و مەعریفە بێت و مەیلی ئازادی بکات. ئازادیش بۆ ئەوان واتای بەڕەڵلایی بوو. دەپرسم ئایا ئێستا جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەگەڵ ئەوکات؟ لە وەڵامی ئەوەدا دەڵێم، هەر کاتێ ژنێک پێدەگات و رادەبێ و داوای مافی خۆی و یەکسانی دەکات، ئەوە بۆ هەموو ژنان رادەبێ و داوای مافی هەمووان دەکات. ئەمڕۆ زەینەب خان بۆ هەموومان دەدوێ و بانگمان دەکا و پێمان دەڵێ: ئەم جیلە یاخود جیلی تر دادێ رەوڕەوەی مافی ژن دەگاتە جێ ئەوسا کچانی نازداری کۆیە هەمووی رێبواری دوای رێگای تۆیە زەینەب خان زەمینەیەکی رەخساند بۆ هاندان و بوێریی و ئومێد و بەردەوامیی ژنانی ئێستا. ئەم ئەنستیوتەش هەوڵ دەدات ئەو ئامانجانە بپێکێ، گرنگی بە دەنگ و داهێنانی ژنان بدات. تەحەددای ئەو دامەزراوە کولتوری و ئەکادیمیانە بکات کە هەزار و یەک مەرج دادەنێن و بەرهەم و کەسایەتیی ژنی پێ دەخەنە ژێر زەڕەبینەوە و لە گۆشەیەک هەمیشە بیانوویەک دەدۆزنەوە تا بیانشارنەوە، یا نەهێڵن دەرکەون تا رۆلە نەریتییەکەی ژنان (کابان و ئامێری زاووزێ و بەخێوکەری پیاو و منداڵ) نەنگی تێ نەکەوێ. دڵنیام کە هاوڕێم مەهاباد خان لە ڕێگای ئەو ئەنستیوتەوە ژنان لە نادیارییەوە دەهێنێتە ناو رۆشنایی و دیاربوون، ژینگەیەک دەڕەخسێنێ تا کچ و ژنان بێنە پێشەوە و لە ونبوونەوە بێنە ناو ئێستا و داهاتوویان ڕۆشن بێت. بەڵام ئەوە بە تەنیا ناکرێ، بەڵکو کاری ژن و پیاوانە نەک هەر لە کۆیە، بەڵکو دەبێ سنوری کۆییاتی و خۆییاتی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی تێپەڕێنین و ببێتە چرای نیشتمان. ببێتە ماڵی هەمووان و لەسەر ئاستی نێودەولەتیش بناسرێ. هاوڕێم رادۆ بووتووم نوێنەری ئوفیستی ئەوروپا کە لێرە لەگەڵمانە هێمای نێودەوڵەتیبوونی ئەو دەستپێشخەرییە دەردەخات لە کۆتاییدا دەڵێـم هەر کارێکی ئێمە دەیکەین، ئەگەر بۆ سەرفرازیی و بەختەوەریی مرۆڤ و جوانکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان نەبێ، ئەوە مایەپووچ دەبێ. بۆیە ئامانج لەم ماڵە ئەوەیە هارمۆنییەک هەبێ لە نێوان مرۆڤ و ژینگە و ژیان. بۆ ئەوەی ژینگە بگۆڕین بەرەو هۆشیارییەکی نوێ و مرۆڤەکان بەختەوەر و داهێنەر بن و ژیانیش جوانتر بێت. بەمجۆرە دەتوانین وەک مرۆڤ بژین و بیربکەینەوە و وەک مرۆڤ بەردەوام بین. کۆیە، ١٧ ی تەمموزی ٢٠٢٥ د. نەزەند بەگیخانی
داگرتنی PDF
هاوبەش بکە:

چالاکییە هاوشێوەکان

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
زیاتر بخوێنەوە
سەردانیكردنی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و دەزگای جەمال عیرفان
سەردانیكردنی دامەزراوەی کەریمی عەلەکە و دەزگای جەمال عیرفان
زیاتر بخوێنەوە
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
زیاتر بخوێنەوە